Description
سوڵتان سەڵاحەدین و پرسی کوردبوون
زانستى مێژوو، کە عەرەب پێىدەڵێت: (اب العلوم – باوکى زانستەکان)، جگە لەوەى رابردووەگێڕێتەوە و کەسایەتییەکان دەناسێنێت و زۆر جاریش، بەباش، یان بەخراپ دادگاییان دەکات، د هەروەها بوارێکى گرنگى مەعریفەى مرۆڤیشە، لەمەش زیاتر، موتوربەیە بەفەلسەفە، ئەمە بەو مانایەى کە بوارێکى زانستى زۆر گرنگە بۆ دەرخستنى راستییەکان و پاکبوونەوەى شان و شکۆى کەسایەتییەکان لە تۆز و گەردى دەلەسە و چەواشە کارییەکانى هەندێ کەس و لایەن.. کاتێک ئەمە دەڵێم، درکیش بەوە دەکەم هەندێ لە تۆمارى مێژوو هەیە، لیپە لە درۆ و ونکردنى راستییەکان و دروستکردنى تەپوتۆزێکى نازانستى و نابابەتى. ئەوەى لەم نێوەندەدا مایەى نیگەرانییە ئەوەیە کە لەم تەپوتۆزەدا کەسێتى راستەقینەى کەسایەتییەکان، ئەگەر بۆماوەیەکى کاتیش بێت دەشێوێنرێن و وەک خۆیان ناناسرێن و ناخوێندرێنەوە.. بەڕاى من یەکێک لەو کەسانەى کە لە مێژوودا غەدرى لێکراوە و وەک خۆى نەناسێنراوە و نەخوێندراوەتەوە، (سەڵاحەدینى ئەیوبى و بنەماڵەى ئەیوبییەکان) بووە، هۆکارى هەرە دیارى ئەم غەدرەش ئەوە بووە کە کارو کردەو ئەزموونى ئەم پیاوە، بەتەرازوى ئایدیۆلۆژى رۆژهەڵاتى و رۆژئاوایی و نەتەوەیی و مەزهەبى و حزبى و ناوچەیی و.. هتد، کێشراوە، هەریەکە و بەبێ لەبەرچاوگرتنى سەردەم و بارودۆخى سیاسى و ئابورى کۆمەڵایەتى چینایەتى و..هتد، حوکمیان بەسەر کەسێتى و ئەزموونى حوکمڕانى زیاتر لە هەشتا ساڵى سەڵاحەدین و بنەماڵەکەیدا داوە، هەندێک بە پاڵەوان و ئازا و هەندێک بەترسنۆک، هەندێک بە میهرەبان و هەندێک بە دڵڕەق، هەندێک بەڕزگارکەر و هەندێک بە داگیرکەر، هەندێک بە کوردپەروەر و هەندێک بەخائین، هەندێک بە موسڵمان و ئیماندا، هەندێک بە کافرو زەندیق، هەندێت بە چروک و هەندێک بەسەخى و..هتد، داویانەتە قەڵەم، جگە لە کەمێک لە مێژوونووسان و توێژەران، زۆرینە نەهاتوون بابەتیانە لە کەسێتى و مێژووى بنەماڵەکەى بکۆڵنەوە.. من لەخۆڕا و بەبێ بەڵگە ئەم قسانە ناکەم، هەتا ئێستا دەیان توێژینەوە و کتیب و وتارم لەبارەى سەڵاحەدین و بنەماڵەى ئەیوبییەوە خوێندووەتەوە و شایەتحاڵى ئەو تۆزو گەردەم کە بەناهەق لەسەر شانى ئەم پیاوەیان دروستکردووە.. بەڵام خۆشبەختانە (د. مەجید ساڵح)، لەتازەترین کتێبیدا بەناونیشانى (سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبى پرسى کوردبوون)، لەدوتوێى (٣٣٠) لاپەڕەى قەبارە گەورەدا، زۆرێک لەو تۆز و گەردانەى لەسەر شانى سوڵتان سەلاحەین و بنەماڵەکەى لابردووە و راستییەکان وەک ئەوەى رویانداوە، خستووەتەڕوو.
ئەم کتێبە، جگە لە پێشەکییەک، کە دەرگایەکە و خوێنەر لێى دەچێتە ژورەوە، رێگا خۆشدەکات بۆ ئاشنابوون بە بەش و فەسڵ و تەوەرە جیاجیاکانى، بریتییە لە شەش بەش، هەر بەشەشى دابەشکراوە بەسەر چەندین فەسڵ و تەوەردا.. لەهەر بەشێکدا تیشک خراوەتە سەر لایەنێک لە کەسێتى و کردەى سوڵتان سەڵاحەدین و بنەماڵەکەى. لەبەشى یەکەمدا، کە تایبەتە بە کورد پێش دەرکەوتنى ئەیوبییەکان و چۆنییەتى موسڵمانبوونى. ئەم بەشە دابەشکراوە بەسەر سێ فەسڵدا. لە بەشى دووەم، کە دابەشکراوە بەسەر پێنج فەسڵدا، باس لە دەرکەوتنى بنەماڵى ئەیوبى دەکات. بەشى سێیەم تەرخانکراوە بۆ باسى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى ئەیوبى لەمیسر، بریتییە لە سێ فەسڵ. بەشى چوارەم کە لە پێنج فەسدا خراوەتەڕوو، باس لە حوکمڕانى سوڵتان سەڵاحەدین دەکات لە میسر و شام و کوردستان (جەزیرە). لە بەشى پێنجەمدا باس لە حکمڕانى نەوەى ئەیوبییەکان دواى سەڵاحەدین دەکات و لەپێنج فەسڵدا خراوەتەڕوو. بەشى شەم تەرخانکراوە بۆ باسى سوڵتان سەڵاحەدین و ناسیۆنالیزمى کوردى، کە بریتییە لە حەوت فەسڵ.
نووسەر لە نووسینى ئەم کتێبەدا (٢٣٣) سەرچاوەى کوردى و عەرەبى و فارسى و ئینگلیزى بەکارهێناوە، لەپاشکۆشدا، ئەلبومێکى وێنەیی تایبەت بە سوڵتان سەڵاحەدین و ئەو گۆڤار و رۆژنامانەى کە وێنەیى سەڵاحەدینیان بڵاوکردووەتەوە داناوە، لەگەڵ ئینتێسى ناوەکان کە لە کتێبەکەدا ناویان هاتووە.
ماوەتەوە بڵێم: ئەم کتێبە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى رۆشنبیرى جەمال عیرفان، ئەمساڵ (٢٠٢٤) چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.. من جگە لە دەسخۆشى و پێزانین بۆ کاکى نووسەر، هیچى دى شک نابەم، شایەتى دەدەم کە کتێبێکى پر لەزانیارییە، بەشێوەیەکى زانستى ئەکادیمی نووسراوە، بۆیە شایانى ئەوەیە هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە.
Reviews
There are no reviews yet.